"بۆیه ده‌نوسم سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت…. چونکه نه کوڕی پاشام…، نه نه‌وه‌ی میره‌کان…، ئه‌گه‌رنا…، سیاسه‌تم ده‌کرد" رۆسۆ
شپرزه‌ترین ساته‌وه‌خته‌کانی سیستێمی حوکمڕانی دیموکراتی وێستگه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌کانه, له پرۆسه‌ی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی و نوێنه‌رانی گه‌ل و پیشاندانی ویستی گه‌ل، یاخوود زۆرینه‌ی گه‌ل، له شێوازێکی به‌رجه‌سته‌دا . ئه‌گه‌رچی سیستێمی دیموکراتی له هه‌ر شێوازێکیتری حوکمڕانی پتر خۆی له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه ده‌ناسێنێت به‌ڵام هه‌رده‌م وه‌ک نیمچه ته‌نگژه‌یه‌ک خۆنه‌ویستانه هه‌ڵبژاردنه‌کان لاوازترین جومگه‌ی تیۆری حوکمڕانی دیموکراتی پێکده‌هێنن. ئه‌م جومگه‌یه جومگه‌یه‌که به خه‌سڵه‌تی خۆی پراکتیکییه و زیاتر له ته‌نێکی نامۆ ده‌چێت له جه‌سته‌ی تیۆری حوکمڕانی دیموکراتیدا چاندرابێت تاکو به‌رده‌وامییه‌کی سروشتی هه‌مان ئه‌و گریمانه لۆژیکیانه‌ی که تیۆرییه‌که‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه. ئه‌م نامۆییه له گواستنه‌وه‌ی ئایدیاوه بۆ واقیع، له پیاده‌کردنی دیموکراتیدا، ده‌گاته ترۆپکی ته‌نگژه‌که و سه‌رئه‌نجام دیموکراتی وه‌ک چه‌مک له واتایه‌کی مۆله‌قدا نمایش ده‌کات.
بڕگه دیاره‌کانی ئه‌م وێستگه‌یه هێند چاره‌نوسسازن، بۆ کۆی ره‌وایه‌تی و پڕکردنه‌وه‌ی کریتێرییاکانی دیموکراتیبوون، که زۆربه‌ی کات، به مه‌به‌ستی پاراستنی خه‌ونی دیموکراتیبوون، چه‌ندین به‌رده‌بازی فریادره‌س له شێوه‌ی ئارگومێنتی ده‌ره‌کیدا ده‌هێنرێنه پرۆسه‌ی سهلماندنهکانهوه. وێستگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له دیموکراتی راسته‌وخۆ (کلاسیک‌دا)دا چه‌ندین وێسگه‌ی پچرپچڕه له تێپهڕبونێکی به‌رده‌وامی لیستی کێشه و پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌کان.دواتر ئه‌م وێستگه‌یه له شێوازی دیموکراتی لیبراڵی نوێنهرهیهتیدا هێند قورسایی وه‌رده‌گرێت که کۆی سیستێمی حوکمڕانی ده‌بێته پاشکۆی پرۆسه‌ی ده‌نگدان و نوێنه‌رایه‌تیکردنی گه‌ل. ده‌ست ئاوه‌ڵایی ئه‌م سیستێمه هێند بێباکانه پاشه‌کشێ له دیموکراتی کلاسیکی ده‌کات که کار ده‌گاته ئه‌وه‌ی له هزری ئابوریناس و سیاسهتناسێکی وه‌ک ( جۆزیڤ شومپێتهر) دا خه‌مساردی و خۆشباوه‌ڕی هاوڵاتیان بکرێته یه‌کێک له هۆکانی ره‌وایه‌تیدان به واقیعی نه‌بوونی سیستێمی حوکمڕانی دیموکراتی. شومپێتهر پێێ وایه دیموکراتی وه‌ک حوکمی گه‌ل، که نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت و په‌یامی خۆی ده‌داتێ تاکو له بری گه‌ل داکۆکی لێبکات و پیاده‌ی بکات، تێگه‌یشتنێکی نا واقیعییه له‌هه‌ل و مه‌رجه‌کانی چۆنێتی پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتی. هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گهمهپێکردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی گه‌ل له لایه‌ن سیسهتمهدارهکانهوه، له‌پای بێباکی و روکهشیبوونی خۆیان. ئه‌و پاشتر ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی که حوکمڕانی دیموکراتی هه‌ر وه‌ک بونیادی بازاڕ بریتییه له کێبڕکێ له‌نێوان سه‌رکرده‌کاندا.
تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که تا چه‌ندێک دیموکراتی پێشینه‌یه‌کی کولتوری ده‌خوازێت و زه‌مینه‌ی ره‌خساوی مێژویی ده‌وێت و تاچه‌ندیش پرۆسه‌یه‌کی رۆشنبیری و فیکرییه، جۆرێک له گومان و سڵه‌مینه‌وه دروست ده‌کات سه‌باره‌ت به پێشبینیمان بۆ ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی کوردستاندا. سه‌رباری ئه‌م گومانه‌ش هه‌ڵبژاردن وه‌ک به‌شێک له ریتۆریکی سیاسی له ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیاندا ئاماده‌یی هه‌یه. ئه‌م ئاماده‌ییه مه‌رج نییه ئاماده‌ییه‌کی به‌رجه‌سته‌بێت، بگره تا ئێستا له مێژوی حوکمڕانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا هێند چاوه‌ڕوانی بووه بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌نده پیاده‌کردنی هه‌ڵبژاردن نه‌بووه. به‌هه‌رحاڵ سروشتی گه‌مه‌که هه‌رچۆنێک بێت ئه‌وا هاوڵاتی به روکهشیشبێت به‌م نزیکانه خۆی له‌به‌رده‌م سندوقه‌کانی ده‌نگاندا ده‌بینێته‌وه و ناچارانه ده‌بێت ببێته ئه‌کته‌ری (سه‌ره‌کی) پرۆسه‌که و نوێنه‌ری خۆی له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا دیاریبکات و به‌شداریبکات له دیاریکردنی ویستی گه‌لدا.
جێگای سه‌رنجه که تائێستا به‌شێکی زۆری وتار و نوسینه‌کان پیاداهه‌ڵدانی راسته‌وخۆ و ناراستهوخۆن، پشتگیری لیست و ئایدیا و مۆدێلێکی حوکمڕانین و زۆر که‌متر ئاوڕدانهوهیهکن له هاوڵاتی و ئه‌و ته‌نگژانه‌ی له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا دوچاری دێت. وه‌ک بڵێی چه‌مکی هاوڵاتی له‌ده‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته بانگه‌شه‌بۆکراوه‌کانی لیسته‌کان ئاماده‌ییه‌کی واقیعی نه‌بێت. له راستیدا وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که هاوڵاتیان له سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و چین و توێژه‌کانیانه‌وه له کێبڕکێ سیاسییه‌که‌دا به‌شداریبکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وکات ئه‌م پێشبینییه ده‌بێته پێشبینییه‌کی واقیعی که سه‌رجه‌م هاوڵاتیان و چین و توێژه‌کانیان لیستی به‌رژه‌وه‌ندی ونوێنه‌رایه‌تی خۆیان هه‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئامادهیانکردبێت. تاچه‌ندێک ئێمه له سه‌رئه‌و بنه‌مایه کۆمه‌ڵگاکه‌مان خۆی رێکخستووه و بێبه‌رین له ئه‌رستۆکراتییه‌تی سیاسیی، ده‌کرێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بوونی ئاشکرای ئاماده‌یی ویسته‌کانی هاوڵاتی بێت له پرۆسه‌ی داڕشتنی به‌ڵێن و نوێنه‌رایه‌تیدا.
هیچکات هه‌ڵسوڕاوانی سیستێمی حوکمڕانی دیموکراتی و سیاسه‌تمه‌داره دیموکراتییه‌کان هێنده‌ی ده‌مه‌ده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان ترسیان له بهراستهقینهبوون و به واقیع بوونی کرۆکی دیموکراتی نییه. ئه‌وه‌ی که ده‌ستده‌داته باڵی سیاسه‌تمه‌داره‌کان و له‌م گۆمه ده‌ریانده‌هێنێت، باوه‌ڕی سیاسه‌تمه‌داره‌کان نییه به ده‌ستا ودهستکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به‌ڵکو هه‌ر هه‌مان وێستگه‌ی شپرزه‌ی سیستێمی حوکمڕانی دیموکراتی خۆیه‌تی. کێشه‌ی چۆنێتی په‌یبردن به ویستی گه‌ل و ئه‌ژمارکردن و پۆلێن‌کردنی ده‌نگه‌کان و ویستی تاکه‌کان که وێستگه لاوازه‌که‌ی دیموکراتییه ده‌بێته فریادره‌سی ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێری سیاسی. که‌واته ده‌توانین بڵێین کاتێک دیموکراتی له سروشتی خۆیدا توشی کێشه‌ی چۆنێتی پراکتیکردن ده‌بێت، هه‌مان کات گه‌وره‌ترین ترس لای ده‌سته‌بژێر دروست ده‌کات و به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ دهربازیشی ده‌کات. ههمانکێشه له هه‌مانکاتدا هه‌ل و مه‌رجه و گهشکهیهکه(ئیوفۆریایهکه) بۆ هاوڵاتیان و داماڵینێکه بۆ ئازادییه‌کانیشیان.
ره‌نگه به‌مجۆره بیرکردنه‌وه له ده‌مه‌ده‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان و له ئاستی هیوا که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی شه‌قامی کوردی له هاتنه کایه‌ی گۆڕان و به‌خۆدا چونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی‌دا، له ناو ئه‌و هه‌موو متمانه‌یه به هاوڵاتی و گه‌لدا که ئێستا،بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرێت، به جۆرێک له ره‌شبینی ته‌ماشا بکرێت، له کاتێکدا به بۆچونی من ئێستا گونجاوترین کاته که هاوڵاتی وشیاربکرێتهوه و ده‌سه‌ڵات و مافه‌کانی داکۆکی لێبکرێت. ئه‌م داکۆکییه داکۆکی نییه له ده‌نگدانه‌کان وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی رهوایهتیدهر به ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێری سیاسی، چونکه ده‌نگدان له ئێستادا رێگاچاره‌یه‌کی واقیعی سیاسیی بێ ئه‌ڵته‌رناتیڤه، به‌ڵکو داکۆکییه له‌و خه‌ونانه‌ی هاوڵاتی کوردوستانی کۆڵی نه‌داوه له بینینی و به‌رده‌وام سیمبۆل و وێنه‌ی به‌رجه‌سته‌ی بۆ ده‌خولقێنێت . ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ( کانت) ییه و له‌و تهماشایهی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی ( ئێمانوئێل کانت) ه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که سه‌باره‌ت به شۆڕشی فه‌ره‌نسا هه‌یبوو و وه پاشتریش (میشێل فۆکۆ) راڤه‌ی بۆ ده‌کات.
هه‌ندێک جار راسته هه‌ڵه بیربکه‌یته‌وه:
پرۆفیسۆری مێژوی هزر ( سڤێن ئێریک لیدمان) ده‌ڵێت له مێژوی گه‌شه‌سه‌ندنی هزردا رویداوه که بیریار و زاناکان توشی ئه‌وه هاتبن که له سه‌ر گریمانێکی هه‌ڵه کاریانکردبێت و سه‌رئه‌نجام له‌مه‌ودای دوردا ئه‌م بۆچونه هه‌ڵه‌یه‌یان کۆمه‌کی به که‌ڵه‌که‌بوونی مه‌عریفه‌یه‌کی راستتر کردبێت. ئه‌و به نمونه ئه‌و هه‌وڵانه ده‌هێنێته‌وه که گهردوناس و فیزیاوییهکان ده‌یاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی قانونێک که دیارده‌کانی ئاسمان و زه‌وی له‌خۆ بگرێت و لێکیانبداته‌وه. ئه‌وان پێیان وابوو گه‌ردون و ئاسمان کهوشهنن و له مه‌ودای که‌ره‌سته‌ی زانستی خۆیاندا ئه‌و گریمانه‌یه‌یان به راست وه‌رگرتبوو. سه‌یر له‌وه‌دایه ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌لماندنه‌کانی گهردوناناسی و فیزیای ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌ستدا بوایه، وه‌ک گریمانه، ده‌یانوێرا خۆیان له پرۆژه‌ی وا گه‌وره بده‌ن. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام هه‌ر هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان وگریمانه پاشتر هه‌ڵه‌کانیان بوو که توانیان ره‌وتی پێشکه‌وتنی بیرکردنه‌وه‌ی زانستی بخه‌نه‌ڕێ.
کێشه‌ی ده‌نگده‌ران، له به‌ر رۆشنایی ئه‌زمونی وڵاتانی دیموکراتی رۆژئاوادا، چۆنێتی جێگاکردنه‌وه‌ی ویستیهکانیانه له‌و پرۆسه سه‌رتاسه‌رییه ئاڵۆزه‌ی ده‌نگداندا. ده‌نگده‌ر زۆر کات، وه‌ک له زانستی سیاسی‌دا ئاماژه‌ی پێده‌درێت، له‌به‌رده‌م چه‌ند لیستێک له به‌ڵێن و به‌هادا خۆی ده‌بینێته‌وه، که مه‌رج نییه سه‌رتاسه‌ری په‌ره‌گرافه‌کانی گوزارشت له ویستی ئه‌و بکه‌ن، بگره هه‌ندێک جار په‌ره‌گرافی دژیش له‌ناو به‌ڵێنه پهسهندهکاندا ده‌بینێته‌وه. هه‌مان کات که ده‌کرێت له‌یه‌ک کاتدا ویست و بهرژهوهندیییه، ئابوری و نۆرماتیڤه‌کانی هاوڵاتییه‌ک به‌سه‌ر زیاد له لیستێکدا دابه‌ش بوبێت. ئه‌م کێشه‌یه کێشه‌ی ده‌نگده‌رێکه که به‌ر له ده‌نگدان ویستێکی هه‌یه و لیستی به‌ڵێنه‌کانیش فره‌جۆرن و چه‌ندین به‌ڵێنده‌ر و به‌رژه‌وه‌ندی ئاشکرا بانگ ده‌درێن.
سه‌رباری ئه‌م کێشه‌یه‌ی که ده‌نگده‌ر له ئاستیدا، ئه‌گه‌ر خواستی به‌شداری ده‌نگدانی هه‌بێت، ناچاره هه‌ڵوێست وه‌رگرێت، کێشه‌یه‌کی تر دوچاری سه‌رتاپای که‌شی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌کان ده‌بێت. ئه‌ویش کێشه‌ی ریتۆریکی سیاسیییه. ریتۆریکی سیاسی مه‌یلێکی زۆری هه‌یه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ده‌نگه‌کان و بینینی هاوڵاتیان وه‌ک ژماره. ئه‌م به ماتماتیکردنهی هاوڵاتی، که خاوه‌ن ویست و ماف و ئازادیییه، له جۆرێک خۆ ده‌رخستندا به روونی ریتۆریکی سیاسی ده‌باته کایه‌ی دزینی ئارگومێنتی یه‌کتری له لایه‌ن لیسته‌کانه‌وه و به‌کارهێنانی چه‌مکی سه‌رلێشێوێنه‌ر. ئه‌زمونی وڵاتانی دیموکراتی رۆژئاوا له هه‌ردو کێشه‌که تا ئه‌وپه‌ڕی گرفتیان بۆ دروستبووه. له ئه‌وروپادا، به‌تایبه‌تی، و له هه‌ندێک وڵات‌دا روو ده‌دات که دوو پارتی خاوه‌ن دوو بیروبۆچوونی جیاواز له‌گه‌رمه‌ی سه‌رقاڵی ده‌نگدانه‌کاندا خۆیان له پێستی یه‌کتریدا ده‌بیننه‌وه، هه‌روه‌ک چۆن له ئێستادا توشی سۆسیالدیموکراته‌کان و لیبراڵه‌کان هاتووه له باکوری ئه‌وروپادا. ئه‌م دیارده‌یه له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا هۆکار و زه‌مینه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه که زیاتر سروشتی، بوون و نه‌بوونی، کێشه‌ی ناکۆکی له‌سه‌ری ئاشکرا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
ده‌نگده‌ری کورد ده‌نگده‌رێکی بێده‌نگه. ئه‌م بێده‌نگییه وابه‌سته‌ی ته‌نها و ته‌نها وشیاری نیه سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی خۆی، به‌ڵکو بێده‌نگییه‌که له گه‌ڕان به‌دوای لیستی به‌ڵێنه‌کاندا. ته‌نهاترین شت که ده‌نگده‌ر، له کوردوستاندا، نابه‌ستێت به سندوقی ده‌نگدانه‌وه لیستی به‌ڵێنه‌کانه. ئه‌م نامۆییه‌ی ده‌نگده‌ر به لیستی به‌ڵێنه‌کان هه‌مان کات نامۆ بوون نیه به سندوقی ده‌نگدان و گه‌رم و گوڕی سرووته‌کانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵکو نغرۆ بوونه له دروشمه‌کانی لێواوو له چه‌مکی سه‌رلێشێوێنه‌ر، گه‌ڕانێکه به دوای لیستی ناوه‌کان و وێنه‌کاندا، به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و متمانه‌یه‌یه،که ده‌نگده‌ر به زمانی نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش له رێگای ته‌ماشا له وێنه‌کان. هه‌رچی لێکچونی لیستی بهڵێنهکانیشه ئه‌وا بێواتاکردنی رۆڵی زمانه له سیاسه‌تدا و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ گه‌مه ستراتیژییه‌کانی ئهکتهرهسیاسییهکان و مه‌رامی لیسته‌کان.
که‌واته ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م لیسته‌کان، له ناوه‌رۆکی په‌یامه‌که‌یاندا که بانگی ده‌ده‌ن، له‌یه‌ک ته‌وه‌ردا ده‌خولێنه‌وه و خاڵی دژ و ناکۆکیان نییه که‌واته ده‌نگدان چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه؟ لیره‌دایه به‌ڕای من که ده‌نگدان سه‌رباری ئه‌گه‌ری مایهپوچیشی بۆ هاولاتی کرده‌یه‌کی پێویست و راسته. پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌کان وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌کی هاوڵاتییه که ده‌نگی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه، هاوکاتیش ناچارکردنێکی ده‌سته‌بژێری سیاسییه بۆ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له فۆبیای ئه‌و ساتانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌که‌وێته ژێر مه‌ترسییه‌وه، گرنگترینیشی ئه‌و هه‌ل ومهرجهیه بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که هه‌ندێک کات روکه‌شیش بێت ده‌نگی هه‌موو بریتییه له کۆی ده‌نگی یه‌ک به یه‌کی هاوڵاتیان. بهواتایهکیتر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نرخ و گرنگییه بۆ تاک.
ده‌نگده‌ری کورد له بازنه‌یه‌کدا ده‌سوڕێته‌وه که ئاراسته‌که‌ری سه‌ره‌کی چه‌ند پنتێکی گرێدراون له‌یه‌کتر. ئه‌م پنتانه به‌رهه‌مهێنه‌ری یه‌کترن و تا ئه‌ندازه‌یه‌ک هۆکار و ئه‌نجامی یه‌کترین که لهههرکامیانهوه ده‌ستپێبکه‌یت وه‌ک ئه‌وه وایه له‌سه‌ره‌تاوه یان له کۆتاییه‌وه
ده‌ستت پێکردبێت.
پنته سه‌ره‌کییه‌کانی بازنه‌که
پنتی یه‌که‌م: تاوتۆلۆجی... یان... واتاپوچی؟
له پێناسه‌یه‌کی ساده‌دا، بۆ تاوتۆلۆجی لۆژیکی، ده‌کرێت بڵێین به گوزارشتکردنێک یاخود راستتر به گوزارشتێک و ده‌ربڕینێک ده‌وترێت که له رووی ناوه‌رۆکه‌وه پوچ ده‌که‌وێته‌وه له به‌ر فۆرمی لۆژیکی داڕشتنه‌که‌ی که ناچارانه ده‌یکاته راست. تاوتۆلۆجی هه‌رچۆنێک بیگه‌ڕێنیته‌وه بۆ واقیع راست ده‌رده‌چێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێیت ئاسمان یان شینه یان شین نییه، به‌یانی یان دێم یان نایه‌م. ئه‌م جۆره گوزارشتانه کێشه‌یان ئه‌وه‌یه که له فۆرمدا راستن به‌ڵام له واقیعدا هه‌رچی رووبدات هه‌ر رسته‌که راست ده‌رده‌چێت. به پێچه‌وانه‌ی گوزارشتهکانیترهوه که پێویستیان به پێناسه‌ی چه‌مکه به‌کار هاتووه‌کان هه‌یه و، یان، به گه‌ڕانه‌وه بۆ فاکت و واقیع.
هه‌رچی واتا پوچییه ئه‌وا من به واتایه‌ک لێره‌دا به‌کاری ده‌هێنم که په‌یوه‌ندی بکه‌رێکی رێزمانی و بکه‌رێکی لۆژیکی به‌راورد ده‌کات،، به واتایهکیتر واتا پوچی کاتێک دروست ده‌بێت که له‌یه‌کێک له ده‌رکه‌وتنه‌کانیدا بکه‌ری رێزمانی رسته‌که له لۆژیکدا بکه‌ر نیه به‌ڵکو ته‌نها له رسته‌که‌دا بکه‌ره. واته بکه‌ری رێزمانی له رسته‌که‌دا له واقیعدا بوونی نیه ئه‌مه ده‌کرێت جۆرێکبێت له واتا پوچی به پێچه‌وانه‌ی تاوتۆلۆجییهوه هه‌رچه‌ند هه‌وڵبده‌یت وه‌ڵامی بده‌یته‌وه هه‌ر ده‌که‌ویته هه‌ڵه‌وه. نمونه‌ی ئه‌م گوزارشتانه ده‌کرێت وه‌ک ئه‌وه وابێت که بڵێی پاشای ئێستای ئێراق کورده. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێراق پاشای نییه به‌ڵکو سه‌رکۆماری هه‌یه بکه‌ری رسته‌که ته‌نها له‌رووی رێزمانه‌وه بکه‌ره ئه‌گه‌رنا له‌رووی لۆژیکه‌وه له واقیعدا بوونی نییه. واته خه‌سڵه‌تێک ده‌درێته پاڵ بکه‌رێک که بوونی نییه بۆیه رسته‌که ناتوانرێت به هه‌ڵه‌یان راست وه‌ڵامی بدرێته‌وه. لێکچونی تاوتۆلۆجی و واتاپووچی دووهه‌م له‌وه‌دایه که هه‌ردوکیان له راستیدا پێویستیان به وه‌ڵام نییه یان به‌شێوه‌یه‌کیتر هه‌رچی وه‌ڵام بده‌ینه‌وه وه‌ڵامی راست یان نا راستی گوزارشتهکهت نه‌داوه‌ته‌وه.
گوێزرانه‌وه‌ی ئه‌م شله‌ژانه بۆ کایه سیاسییه‌کانی ژیانی هاوڵاتی ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی واقوڕمانێکی کاسکه‌ری لێ په‌یدا ده‌بێت. له کاتێکدا بۆ چاره‌سه‌ری یه‌ک دیارده چه‌ندین بکه‌ر به شان و باڵی خۆیدا هه‌ڵبدات ئه‌و کات ده‌بێت هه‌لبژێریت ئایا دروشمه‌کان تاوتۆلۆجین و هه‌مو لیسته‌کان ده‌یزانن یاخود واتاپوچییه و بکه‌ری رسته‌ی دروشمه‌کان له واقیع و لۆژیکدا بوونی نیه. له ئه‌گه‌ری راست‌بوونی هه‌ریه‌ک له‌م دوو ئه‌لته‌رناتیڤه ده‌نگده‌ر له ده‌نگده‌ری ده‌که‌وێت و ده‌بێته بێهووده و ده‌نگنه‌ده‌ر. ئه‌گه‌ر هه‌مو لیسته‌کان دروشمه‌کان جیبجێدهکهن که هه‌مان دروشمه که‌واته ده‌نگدان پێویستنییه، کێ بیباته‌وه وه‌ک یه‌که،، ئه‌گه‌ر هیچکام له لیسته‌کان بکه‌ری لۆژیکی رسته رێزمانییهکهی زمانی خۆیان نین هه‌ر ده‌نگدان بێسوده چونکه هیچکام له‌وانه‌ی که ده‌توانن دروشمه‌کان پیاده‌بکه‌ن له لۆژیکدا بوونیان نییه. که‌واته چاره‌سه‌ری ده‌رچون له‌م کێشه‌یه ئه‌وه‌یه که هه‌ریه‌ک واتایه‌ک بدات به چه‌مک و وشه‌کان، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه(هاوڵاتی) بتوانین به راست یان هه‌ڵه،، هه‌ڵبژاردن یان هه‌ڵنه‌بژاردن،، لیستێک یان زیاتر خۆمان یه‌کلایی بکه‌ینه‌وه.لێره‌وه ده‌چینه ناو گرفتی دووه‌م.
پنتی دووه‌م: چه‌مکی سه‌رلێشێوێنه‌ر
چه‌مکی سه‌رلێشێوێنه‌ر به چه‌مکێک ده‌وترێت که واتای خۆی به‌چه‌مکێکی له‌خۆی ته‌مومژاویتر روونده‌کاته‌وه. واته کاتێک واتای خۆی پێناسه‌ده‌کات کرۆکی واتای خۆی له چهمکێکیتردا ده‌شارێته‌وه. نمونه‌ی ئه‌م چه‌مک و گوزارشتانه له کایه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆی کوردوستاندا وه‌ک ئه‌وه‌ی که لیستێک بڵێت من کار ده‌که‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، ئازادی، خۆشگوزه‌رانی، ....... هتد. چه‌مکی گه‌ل له‌م ناوکۆییهدا خۆی پڕ کێشه‌یه ناکرێت به‌کاربهێنرێت بۆ ره‌وایه‌تیدان به هیچ به‌ڵێن ودروشمێکی سیاسی. بۆ ناساندنی گه‌ل چه‌ندین کریتێریا و پێوه‌ر ده‌بێت ده‌سته‌به‌ربێت و بۆ ئه‌وه‌ی بێته زمانیش ده‌بێت هه‌موو گه‌ل بدوێت تا بزانین گه‌ل کێیه و به‌رژه‌وه‌ندی له چیدایه. ئه‌م هاوڵاتی کردن به گه‌ل و گه‌ل کردن به هاوڵاتییه واتا پوچییه چونکه له واقیعدا بۆ بکه‌ری رسته‌که بکه‌رێکی واقیعی بوونی نییه. هه‌روه‌ک چۆن ئازادی و خۆشگوزه‌رانی چه‌مکی ئاڵۆزن و وا به‌سانایی ده‌ستناده‌ن بۆ دروشمی سیاسی له کۆمه‌ڵگای دیموکراتیدا. ره‌نگه هه‌ر ئه‌مه (جۆزیف شومپێتهر)ی توڕه‌کردبێت که دیموکراتی که‌م بکاته‌وه بۆ کێبڕکێێ نێوان سه‌رکرده‌کان. ئه‌و خۆی ده‌ڵێت دیموکراتی وه‌ک حوکمی گه‌ل بۆ خۆی نا واقیعییه، چونکه گوێپێنه‌دان و رووکهشیبوونی خه‌ڵک وا ده‌کات که ئه‌وه هه‌ر سه‌رکرده‌کانن به‌رنامه‌ی کاره‌کان داده‌نێن. به‌ڵام له‌م بۆچونه‌دا هێشتا جێگای ئهوهدهبێتهوه که سه‌رکرده‌کان به روونی ئاشکرایبکه‌ن که واتای چه‌مکه‌کانیان چییه، لێره‌وه ده‌که‌وینه گرفتی سێهه‌مه‌وه.
پنتی سێهه‌م: متمانه یان گوتاری ستراتیژی؟
ئه‌گه‌ر ته‌نها که‌سێک بمانبات بۆ به هه‌شت ئه‌وا هه‌ر ته‌نها که‌سێک ده‌توانێت بمانهێنێته‌وه بۆ جه‌هه‌ننه‌م، گۆته‌ی کاراکته‌ری رۆمانێک له نه‌مانی متمانه به زمان و دروشمه‌کانی، ساناترین رێگا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆکه‌سێتی قسه‌که‌ر و متمانه‌کردن پێی. ئه‌م تێزه زیاتر له‌هه‌رکه‌سێکی دی لای فه‌یله‌سوفه‌کانی مۆراڵ و ئێتیک خۆشه‌ویسته، بێگومان چونکه دهربازکاریانه له که‌وتنه ناو داوی گوتاری سترایژییهوه. گوتاری ستراتیژی گوتارێکه که خاوه‌نی گوتاره‌که ئاماده‌یه بانگی بدا به‌لام له واقیعدا به هیچ جۆرێک له ژێر هیچ فشارێکدا نییه بۆ جێبه‌جێکردنی و ده‌کرێت ته‌نها و ته‌نها وه‌ک خۆ په‌ڕاندنه‌وه له قه‌یرانێک سوودی لێوه‌ربگرێت. (تۆرشتێن) ئه‌م گرفته ده‌به‌ستێته‌وه به گرفتی عه‌قڵانیه‌تی جڤاتی و عه‌قڵانییه‌تی تاکه‌وه. وا بێنه‌به‌رچاو که دوو به‌رامبه‌ر له دانوستانێکدا به‌ڵێن ده‌گۆڕنه‌وه و په‌یمانێک واژوو ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر متمانه نه‌بێت چی ده‌توانێت رێگربێت له‌وه‌ی که به‌ڵێنه‌کان به‌ڵێنی ستراتیژی نین و خاوه‌نه‌کانیان پاشگه‌زنابنه‌وه لێی، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له واقیعدا یه‌کێکیان ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ی هێزی پتری له ژێر ده‌ستدابێت. بێگومان متمانه به یه‌کتر.
پنتی چواره‌م: متمانه له‌هه‌مبه‌ر سیمبۆله‌کان و عه‌قڵییه‌تی جڤاتی
کێشه‌ی عه‌قڵانییه‌ت له‌وه‌دایه که کاتێک لای تاکێک خۆی ده‌رده‌خات ده‌کرێت له هه‌ندێک بارودۆخدا ببێته نا عه‌قڵانی له‌به‌رامبه‌ر هه‌مان تاکدا به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و تاکه بۆ یه‌که‌یه‌ک له پێکهێنه‌ره‌کانی جڤات و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و تاکه وه‌ک به‌شێک له جڤات، بۆیه عه‌قڵانییه‌تی جڤاتیش هه‌مان کات ده‌بێته دژه جه‌مسه‌ریش و ته‌واوکه‌ری عه‌قڵیه‌تی تاکیش.
په‌یوه‌ندی ئه‌م گرفته به ده‌نگده‌ری کورده‌وه ئه‌وه‌یه که ده‌نگده‌ری کورد که کاتێک له به‌رده‌م گرفته‌کانی پێشودایه و سه‌نگی ده‌نگی له ژێر پرسیاردایه ئه‌وا ده‌نگدانیش ده‌کرێت ببێته مایه‌ی تێکدانی باری سه‌قامگیری ژیانی به به‌راورد به له پێش ده‌نگداندا. ده‌نگده‌ر له‌م ساته‌دا له دوریانێکدایه که ده‌بێت یه‌کشت له دووشت هه‌ڵبژێرێت، یان ئه‌وه‌تا وه‌ک کانت بیربکاته‌وه و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی به جۆرێک بێت که وا چاوهڕوانبکات که یاسایه‌کی گشتییه و هه‌رکه‌سێک له شوێنی خۆیه‌وه به‌و جۆره ره‌فتار ده‌کات، یاخود سود له‌وه وه‌رگرێت که خه‌ڵکیتر به‌و کاره هه‌ستن، که له دوور مه‌ودادا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مدایه، له کاتێکدا له مه‌ودای کورت‌دا ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بپارێزێت. کێشه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دووه‌م له‌وه‌دایه که ئه‌گه‌ر هه‌ر تاکێک به‌م جۆره بیر بکاته‌وه ئه‌وا شتێک نامێنێت به واتای به‌رژه‌وه‌ندی مه‌ودای دوور چونکه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه که‌س کاری بۆ ناکات. ده‌کرێت ته‌ماشای نمونه‌یه‌ک بکه‌ین، وای دابنێ ئه‌م پرسیاری ده‌نگدانه ده‌که‌وێته به‌رده‌م فه‌رمانبه‌رێک که له‌یه‌کێک له ده‌زگا حکومییه‌کاندا کار ده‌کات، ئه‌م فه‌رمانبه‌ره له‌به‌ر مانه‌وه‌ی له شوێنی کاره‌که‌یدا و به‌ڕێوه‌بردنی بژێوی ژیانی بۆته ئه‌ندامی یه‌کێک له پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، یه‌کێتی و پارتی، ئه‌م فه‌رمانبه‌ره ئه‌گه‌ر یه‌کێتی بێت یان پارتی هیچ سوودی له یه‌کگرتنی لیستی ئه‌و دوو حزبه وه‌رنه‌گرتووه به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ویتریاندا نیشته‌جێ بێت، ئه‌م فه‌رمانبه‌ره له‌به‌ر وشیاری سیاسی و ئه‌زموونی تاڵی شه‌ڕی ناوخۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی نێگه‌تیفانه‌ی بۆ ره‌فتاری ئیداره‌ی سیاسی له هه‌رێمدا ده‌یه‌وێت ده‌نگ به‌لیستێکی نه‌یاری یه‌کێتی و پارتی بدات. هه‌مان کات ئه‌ندامی حزبێکه که ده‌بێت له هه‌ڵبژاردندا ره‌واجی بۆ په‌یدابکات و ده‌نگدانی به نه‌یاری ئه‌و حیزبه له سه‌رکار لای ده‌بات و حیزبی لێدهتۆرێنێت و سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له بن دێنێت.
ئه‌م فه‌رمانبه‌ره ئه‌گه‌ر وه‌ک کانت بیربکاته‌وه ئه‌وا ده‌نگ ده‌دات به لیسته نه‌یاره‌که و وا چاوه‌ڕوان ده‌کات که هه‌موو دهنگدهرهکانیتر له وشیاری سیاسییانه‌وه، لایه‌نیکه‌م ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌م ناڕازین، وه‌ک ئه‌م ده‌نگبده‌ن و پرۆسه‌که خێراتر بچێته پێش و ئه‌گه‌ری زیان که‌متر بێت. ئه‌گه‌ر به عه‌قڵانیه‌تی تاکی خۆی بڕیاربدات، ئه‌وا بۆ ئه‌م فه‌رمانبه‌ره وا باشتر و که‌م زیانتره که ئه‌م ده‌نگ به حیزبه‌که‌ی بدات و وا چاوه‌ڕوانبێت که که‌سانیتر ده‌نگ به لیسته نه‌یاره‌که بده‌ن. کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م ده‌نگده‌ره ئه‌وه‌یه که پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌میش له واقیعدا هه‌ل و مه‌رجی هه‌یه، واته ده‌کرێت له حاڵه‌تی یه‌که‌مدا هه‌ر ئه‌م ده‌نگ به لیستی نه‌یاری ده‌سه‌ڵات بدات و هه‌ر ئه‌میش زیانی پێبگات که ئه‌وکات سه‌رتاسه‌ری بژێوی و ژیانی ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه، له حاڵه‌تی دوووه‌مدا ده‌کرێت هه‌ر تاکێکیتر وه‌ک ئه‌م وا چاوه‌ڕوانبێت که خه‌ڵکیتر له به‌رژه‌وه‌ندی هیواکانی ئه‌م ده‌نگبده‌ن و ئه‌میش ده‌نگ به ئێستای خۆیبدات، که ئاکام هیچ ده‌نگده‌رێک ده‌نگ نادات به لیسته نه‌یاره‌که و هیواکان نابنه واقیع.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی عه‌قڵیه‌تی تاک و عه‌قڵیه‌تی جڤاتی ده‌نگده‌ر ده‌خاته کایه‌یه‌کی سه‌ختتری متمانه‌وه، ئه‌م جاره ده‌نگده‌ر نه‌ک هه‌ر ده‌بێت متمانه به نوێنه‌ره‌کانی بکات به‌ڵکو ده‌بێت متمانه به کهسهکانیتریش بکات که وه‌ک ئه‌م ده‌نگ ده‌ده‌ن و ژیانی هه‌مویان باشتر ده‌بێت نه‌ک ته‌نها خراپ بوونی ژیان ئه‌م. لێره‌دایه به رای من که رۆڵی سیمبۆله‌کان بۆ به‌هێزکردنی متمانه به سه‌رکرده و به یه‌کتر دێنه ئاراوه، که هاوکات چارهسهرێکیشه بۆ کێشه‌ی نێوان عه‌قڵییه‌تی تاکی و عه‌قڵییه‌تی جڤاتی.
وه‌ڵامدانه‌وه به‌وه‌ی که ئایا جڤات ته‌نها و ته‌نها کۆی تاک به تاکی پێکهێنه‌ری جڤاته‌که‌یه یان جڤات بوونێکی تێپه‌ڕبوو جیاوازه له ته‌نها و ته‌نها کۆی تاکه‌کان، کێشه‌یه‌کی سه‌خت و به‌رده‌وامی ناو کایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه، که باسکردنی لێره‌دا له‌ده‌ره‌ی توانای ئه‌م بابه‌ته‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی له‌م کێشه‌یه نه‌دوێین، له جڤات وه‌ک بوونێک ده‌ڕوانین که تاک ئه‌ندامه تیایدا به بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ینه چۆنێتی په‌یدابوونی جڤات.
علی حرب، نوسه‌ری عه‌ره‌ب، له باسکردنی گوتاری شوناس و که‌وتنه ناو سیمبۆلهکانهوه، له گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی فکری خۆی لهسهردهمیکی دیاریکراویدا به ته‌واوه‌تی بێزار ده‌بێت له جه‌ماوه‌ر و ره‌فتاره‌کانی و ده‌ڵێت. ئه‌وه‌م لا دروست بوو که جه‌ماوه‌ر نه خاوه‌نی عه‌قڵه وه نه بۆچوونی هه‌یه. له گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا نه ئار‌گومێنت و نه به‌ڵگه هێنانه‌وه سوودی نییه، به‌ڵکو جه‌ماوه‌ر له لای به‌سوودتر و ره‌واتره که خۆبهدهستوهبدات، لاسایی بکاته‌وه و گوێرایه‌ڵ بێت، وه ئه‌مه ته‌نها خه‌سڵه‌تی جه‌ماوه‌رێکی تایبه‌تی نییه به‌ڵکو سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ره جیاوازه‌کان هاوبه‌شن له‌مه‌دا. جه‌ماوه‌ر به‌رده‌وام هێزێکه تا به‌ڕیوه‌ببرێت، کۆمه‌ڵێکه که نه وشیاری هه‌یه وه نه جڵه‌وی کاروباری به‌ده‌ستی خۆیه‌وه‌یه‌تی، زۆر زوو هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ڵوێست ده‌گۆڕێت و له دژه واتایه‌که‌وه بۆ دژه واتایه‌ک ده‌ڕوات.
بێگومان ئه‌م باسکردنه‌ی جه‌ماوه‌ر تایبه‌ته به رۆڵی جه‌ماوه‌ر له سیاسه‌تدا و به ئاسانی تێپه‌ڕنابێت ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م لایهنهکانیتری کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا و کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤیان له به‌رچاو بگرین.
رێکه‌وت نییه که سه‌رکرده‌کان گوتار و ئاماژهدانهکانیان بۆ جه‌ماوه‌ره و زیاتر له هه‌ر بوونێکیتر روی دروشم و سلۆگانه‌کانی حزبهکانیانیان ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ن. رێکهوتنییه که سه‌رکرده‌کان هه‌میشه باسی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل، نه‌ته‌وه و کایه گشتییه‌کان ده‌که‌ن. لێره‌دا تاک( وه‌ک هاوڵاتی) نه‌ک ته‌نها وه‌ک مه‌یلێکی خۆی بگره وه‌ک هاندانیشی له‌لایه‌ن که‌شی سیاسییه‌وه ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ جه‌ماوه‌ر. چیتر سیمبۆله‌کان له‌یه‌کتریان کۆده‌که‌نه‌وه و واتا ده‌ده‌ن به ره‌فتاره‌کانیان و ره‌وایه‌تی ده‌ده‌ن به هه‌ڵبژاردنه‌کانیان و گرنگترینیشی گه‌ره‌نتی ده‌ده‌ن به‌وه‌ی که متمانه له ئارادایه به یه‌کتر، به سه‌رکرده، به گوتار و به دروشمه‌کان.
کۆبه‌ند:
ئه‌گه‌ر ئه‌م چوار پنته چوار ته‌نهاترین و گرنگترین گرفته‌کانی هاوڵاتی نه‌بن له ده‌نگداندا، ده‌کرێت چوار سوچی چوارگۆشه‌یه‌ک بن که تێپه‌ڕبونی چێوه‌ی بازنه‌که له ده‌رکه‌وتنێکیدا پێک ده‌هێنن. یان بهواتهیهکیتر ده‌کرێت بازنه‌که چه‌ندین چوارپنتی سوچی چه‌ندین چوارگۆشه له خۆی بگرێت به‌ڵام بێگومان یه‌کێک له چوارگۆشه‌کان به‌م چوار پنته دروست ده‌بێت. پرۆژه‌ی ده‌رچونی هاوڵاتی له بازنه‌ی ئه‌م چوارپنته هێنده‌ی کایه فکریه‌کان خوازیارینی هێنده له واقیعدا شیاو‌و ده‌سته‌به‌رنین، به‌ڵام بیرکردنه‌وه لێی و هه‌وڵدان بۆ ناسینی ئه‌گه‌ره فره‌جۆره‌کانی ئه‌و ده‌ربازبوونه کارێکی ئه‌سته‌م نییه، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر شوێنپێی که‌سێکی وه‌ک ( جۆن رۆلز) هه‌ڵبگرین. لێره‌دایه که ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته وه‌ک هه‌وڵێک بۆ داکۆکی له هاوڵاتی خۆی ده‌ناسێنێت، داکۆکی له یه‌ک کاتدا له هاوڵاتی وه‌ک بونه‌وه‌رێکی سه‌ره‌کی جڤات و پێکهێنه‌رێکی جڤات وه داکۆکی له هاوڵاتی وه‌ک چه‌مکێکی کایه فکرییه‌کان. هاوڵاتی وه‌ک چه‌مکێکی ئه‌و دیوو ئه‌گه‌ری رۆڵه‌کانی له واقیعدا و وه‌ستانی له به‌رده‌م چه‌ندین کۆسپدا که له ئاڵۆزی سیستێمی حوکمڕانی دیموکراتیدا دوچاری دێت ده‌مانگه‌یه‌نیته ئاقارێک که له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر یهکێکماندایه که هاوڵاتی وه‌ک تاک سه‌نگی ده‌نگی له پرۆسه‌که‌دا کاریگه‌ری له‌سه‌ر چۆنێتی دروستکردن و گوزه‌رکردنی روداوه‌کان دابنێت، چونکه ئه‌و هاوڵاتییه ده‌کرێت هه‌ر یه‌کێک له ئێمه‌بێت. ناکامی ئه‌م هاوڵاتییه وه‌ک چه‌مک به‌ربه‌ستێکه له به‌رده‌م هه‌ر یه‌کێکماندا که ره‌وایه‌تی به سه‌نگی ده‌نگی خۆیبدات. هاوکات هه‌ر رۆڵ و بۆچونێکیش که هاوڵاتی له واقیعدا بۆخۆی ده‌دۆزێته‌وه و بیری پێده‌کاته‌وه، له پرۆسه‌ی ناسینی خۆی و ناساندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیدا، ئه‌گه‌ر کۆی ئه‌و پێکهێنه‌رانه نه‌بێت که ره‌وایه‌تی ده‌داته دیموکراتی وه‌ک سیستێمی سیاسی ئه‌وا لایه‌نی که‌م جومگه‌ی لێک‌گرێدانی هاوڵاتییه به ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه. له‌هه‌ردوو دیوی ئه‌م تهماشایهدا بۆ هاوڵاتی وه‌ک چه‌مکێکی کایه فکرییه‌کان و وه‌ک بونه‌وه‌رێکی واقیعی چیتر سیاسه‌تی روخسار پێویستییه‌ک نییه بۆ جێگاگرتنه‌وه‌ی روخساری سیاسه‌ت که کایه‌ی به‌ریه‌ک که‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کانه ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت ئه‌رستۆکراتییه‌تی سیاسی وه‌لابنرێت.