2013/07/31

میسر و ئه‌جێندایه‌کی ئه‌مریکی نوێ بۆ پاش راپه‌ڕین و به‌هاری گه‌لان


ئه‌زمونی دیموکراتی ناوچه‌ی ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌کانی پێشوی وڵاتانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ میسردا شکستی هێنا . شکستی سه‌ره‌کی ته‌نها لابردنی مورسی نه‌بوو له‌ رێگای به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ڵکو خولیای مورسی و پاڵپشته‌کانیشی بوو بۆ به‌ خێرایی خۆ چه‌سپاندن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا. کێبڕکێی شیعه‌گه‌رایی و مۆدێلی سعودی و مۆدێلی تورکی بۆ حوکمڕانی و هاوکات په‌له‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ میسردا بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سیستێمێک که‌ که‌م تا زۆر سه‌روو دیموکراتییه‌ و سوڕانه‌وه‌یه‌که‌ له‌چوارچێوه‌ی چه‌ندین پیرۆزیدا و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ناوه‌ند و که‌سه‌یاتی سه‌رۆکدا هۆکاری به‌رچاون و پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌کانن که‌ ئامانجکه‌ رێکخستنی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌سه‌ڵاتییه‌کان بێت له‌ رێگای په‌رشکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ئۆرگانه‌ جیاوازه‌کاندا و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێکی بێلایه‌ن و ده‌رفه‌تره‌خسێنه‌ر بۆئازادی و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگا.


چه‌ندین هۆکار له‌ پشت لابردنی مورسییه‌وه‌ ده‌بینرێن، که‌ هه‌ندێکی هۆکاری ناوخۆیین په‌یوه‌ند به‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ئیخوانه‌کان له‌مه‌ڕ ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک و هه‌ندێکیتر هۆکاری ده‌ره‌کین سه‌باره‌ت به‌ کێشمه‌کێش و فراوانخوازی مۆدێله‌کانی ئیسلامی سیاسی. له‌م ناوکۆییه‌دا سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌که‌دا ده‌گوزه‌رێت ئه‌جێندای ئه‌مریکیش هۆکار و کاریگه‌رێکی به‌هێزه‌. له‌ مورسی و لابردنییه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵات به‌ پراکتیک ئه‌و ستراتیژه‌ نوییه‌ی ئه‌مریکا خۆی نمایشده‌کات که‌ پێشتر هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک به‌حره‌ین و ئوردون له‌و ته‌وه‌ره‌دا هه‌نگاویان ناوه‌. به‌ پێی راۆرتێک که‌ له‌لایه‌ن براین وینسکی سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌کی سه‌بازی و راهێنان به‌ هێزه‌ ئاسایشه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که‌دا نوسراوه‌ هه‌نگاوی ئێستاو داهاتوی ئه‌مریکا بریتییه‌ له‌ ئاماده‌کردنی هێزی سه‌ربازی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچه‌که‌و کردنیان به‌ پارێزه‌ری سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ له‌ دیدگای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکاوه‌. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌ راهێنانی ده‌سته‌بژێرێکی سه‌ربازی ناو ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی پیشه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌ ده‌سته‌بژێری سه‌ربازی ئه‌مریکاوه‌ ده‌بێت.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌م به‌شداریپێکردنه‌ی هێزی سه‌ربازی له‌کوێی سیاسێمی دیموکراتیدا جێی ده‌بێته‌وه، ئه‌م ستراتیژه نوییه‌ی ئه‌مریکا‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته ده‌رئه‌نجامێک که‌ پرۆژه‌ی به‌ دیموکراتی بوونی وڵاتانی ناوچه‌که‌ وای لێ چاوه‌ڕوان ناکرێت به‌و خێراییه‌ بچێته‌ پێش که‌ به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کانی دوونیا کاریان پێیه‌تی وه‌ک به‌دیهێنه‌ری سه‌قامگیری ناوخۆ و ناوچه‌یی.
پرسیاری تایبه‌ت به‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ داخۆ له‌و ستراتیژه‌ی ئه‌مریکادا سه‌قامگیری کوردستان ده‌سپێردرێت به‌ هێزێکی دراوسێ به‌مه‌به‌ستی راگرتنی دۆخه‌که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا و کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان یاخوود وه‌ک مۆدێلێکی جیا له‌ناوچه‌که‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. وڵاتی تورکیا خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و رۆڵه‌ ببینێت ، هه‌رچه‌ند دۆخی پاش لابردنی مورسی فشارێکی په‌رله‌مانی دروستکرد له‌ تورکیادا بۆ سنوردارکردنی تێوه‌گلانی سه‌ربازی له‌ ناو تورکیادا به‌مه‌به‌ستی راگرتنی شیرازه‌ی کێشه‌ سیاسییه‌کان به‌ڵام ئه‌م هێزه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌ و رێگاپێدراوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی کیشه‌کانی ناوخۆی تورکیا به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تورکیا قسه‌و کرده‌ی خۆی هه‌بێت. دۆخی کوردستانی باشوور هاوکات کاریگه‌ره‌ به‌ کێشه‌ی سوننه‌ و چاره‌نوسی له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا. ئێرانی پاش هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاشتبونه‌وه‌یه‌کی ریفۆرمخوازه‌کان و کۆنه‌پارێزه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت به‌مه‌به‌ستی ئاراسته‌کردنی گوتارێکی یه‌ککگرتو به‌ره‌و دونیای رۆژئاوا و ده‌ره‌وه‌ی ئێران و له‌خزمه‌تی پرۆژه‌ ته‌کنۆلۆژییه‌کانی ئێراندا. له‌پاش لاوازبونی پێگه‌ی ناوخۆی یه‌کێتی نیشتیمانیش ئێران که‌متر ئومێدی به‌ کوردستان ده‌بێت وه‌ک ناوچه‌یه‌کی نفوزی خۆی له‌به‌رامبه‌ر تورکیادا. بێلایه‌نی گۆڕان له‌ نێوان تورکیا و ئێراندا و لادانی هێدی هێدی کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو به‌ره‌و مۆدێلی سوننه‌ له‌بری پابه‌ندبوون به‌ ئێرانه‌وه‌ و هاوکاتیش نزیکبوونه‌وه‌ی پارتی دیموکرات له‌ تورکیا ، پرسگه‌لێکی ئه‌وتۆن که‌ پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ڵام نه‌درێته‌وه‌ ده‌کرێت ناراسته‌وخۆ له‌ ئه‌جێندای سیاسی ناوچه‌که‌دا بۆی بگه‌ڕێن. هه‌ر گه‌ڕانێکی له‌م شێواز و به‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێت خۆی له‌نێوان دوو جۆر له‌بیرکردنه‌وه‌دا یه‌کلایی بکاته‌وه‌ که‌ هه‌ریه‌که‌یان ده‌کرێت به‌پرسیارێک گوزارشتیان لێبکرێت:
به‌ره‌ی یه‌که‌م: ئایا وڵاتی تورکیا ئاماده‌یه‌ جڵه‌وی کاره‌که‌ بداته‌ ده‌ست پارتی و بێهێزی و نوشستی پارتی له‌ حوکمی سیاسیدا بکاته‌ ده‌سکه‌لای سه‌ره‌کی و مه‌رامی هه‌ڵمژینی شه‌پۆلی نه‌ته‌وه‌یی پارچه‌کانیتری پێبێت ؟(که‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ زیاتر ته‌کتیکییه‌ له‌سروشتیدا نه‌ک ستراتیژی).
به‌ره‌ی دووه‌م: ئایا ده‌کرێت بێ سه‌قامگیری سیاسی ناوخۆی کوردستان له‌ باشورو له‌باکوردا هێزی سه‌ربازی سه‌رکه‌وتن و سه‌قامگیری به‌دیبهێنێت ؟ به‌ واتایه‌کیتر نزیکی له‌ نوێنه‌رانی گه‌ل و خواستی خه‌ڵکه‌وه‌ نه‌ک له‌ دروشم و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کان که‌ خۆی به‌رده‌وامیان پابه‌نده‌ به‌ سه‌قامگیری ناوچه‌که‌وه‌

ليست هناك تعليقات: