2013/08/17

تەکنیکی مارمێلکە بۆ تێگەشتن لە پەیوەندی یەکێتی و پارتی لە ئێستادا




کەم کەس لە ئێمە رەنگە هەبێت لەکوردستانی باشووردا کە مارمێلکەی نەبینیبێت. زۆربەشمان سەرنجی ئەوەمان داوە کە لەکاتی ترس و روبەروبونەوەی مەرگدا ،لەکاتی خۆقوتارکردن و هەڵهاتندا زۆربەی زۆری جارەکان مارمێلکەکە کلکی دەقرتێت و خۆی بەلایەکدا دەروات و کلکی بەلایەکدا فرێدەدات. ئەمەش هۆکاری هەمان ئەو دیاردەیەیە کە لەسەردەمی مناڵی ئێمەدا زۆر باوبوو ئەویش مارمێلکەی کلکقرتاو بوو. 
بەبێ ئەوەی زۆر رۆچین بە هۆکاری ئەم قرتاندنە یەکێک لە هۆکارە باسکراوەکان ئەوەیە کە مارمێلکەکە کلکی بە ئەنقەست فرێدەدات و بەمەبەستی سەرتێکدان لە راوچی خۆی دەکات بە دوو بەشەوە(خۆی و کلکی)، چەند ئەم بۆچونە راستە کارمان پێی نییە لە ئێستادا هێندەی لێکدانەوەکە لەخۆیدا سەرنجراکێشە.
بەکورتی: کێشە نمایشکراوە هەنوکەییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەم دۆخە دەچێت. راوچی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی گۆڕان، هەڕەشەیە لەسەر بەردەوامی ئەم دەسەڵاتە دوو سایتییەی یەکێتی و پارتی کەلەسەر بنەمای یەک لیستی لە هەڵبژاردنی پێشودا و دوو حکومەتی لە واقیعدا بونیاد نرابوو. لە ئێستادا بە مەرامی سەرلێکتدان لە ئۆپۆزیسیۆن و دروستکردنی کێشە لەرێگای لێدوانی جیاواز و ناتەبای هەردوو حیزب و پیشاندانی ناکۆکی ،مەرامی کۆکردنەوەی دەنگە نەیارەکانی پارتیان هەیە بۆ یەکێتی و پیشاندانەوەی یەکێتییە وەک حیزبێکی زیندوو خاوەن ئیرادە. بەمەبەستی سەرلێشێواندنی ئۆپۆزیسیۆن، هەردوو حیزبی دەسەڵات ژێر بەژێر خەریکی خەریککردنی گۆڕانن بە قایلکردنی یەکێتی کە خاوەن هەڵوێستی جیا بێت لە پارتی لەو پرسانەدا کە بەتەواوی لەبەرژەوەندی پارتییە بۆ نمونە سەرۆکایەتی هەرێم و سامانە سروشتییەکان و داهاتەکەی. ئاخۆ ئۆپۆزیسیۆن لەم یاریەدا دوای مارمێلکەکە دەکەوێت یان کلکەکەی ،، هاوکات دەنگدەری هەڵبژاردنەکان دوای مارمێلکەکە دەکەون یان کلکەکەی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە دوای هەڵبژاردن دەزانین بەڵام ئەوەی مارمێلکەی بینیبێت نابێت بەم گەمەیە سەری لێبشێوێت.‬

ليست هناك تعليقات: